Monthly Archives: كانونی یه‌كه‌م 2022

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رۆژی ئاڵای کوردستان بەرز ڕاگیرا

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رێوڕەسمی یادکردنەوەی رۆژی ئاڵای کوردستان بەڕێوەچوو. لە سەرەتاى رێوڕەسمەکە، بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی  سیمینارێک بەناویشانی (ئاڵای کوردستان، ناسنامە و شکۆ) بۆ د.هۆشمەند رفیق ابراهیم مامۆستای زانکۆ رێکخرا.

لە سیمینارەکەدا د.هۆشمەند رفیق ابراهیم باسی لە گرنگی و پیرۆزی ئاڵای کرد و هەڵسەنگاندنی مێژوویی بۆ ئاڵای کوردستان لە سەرەتا و قۆناغە جیاجیاکانى دروستبوونى و ئەو گۆڕانکارییانەى پێیداتێپەڕبووە تاوەکو جێگربوونى شێوەى ئێستای کرد.

دواتر لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئاسۆ م.لاوەند عوسمان، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی ئایندە هەڤاڵ ئەمین لاجانی، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ، و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی زانکۆ، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەلایەن سێ قوتابی زانکۆمانەوە بەشێوەیەکى شایستە و شکۆمەندانە هەڵکرا.

لە گوتەیەکدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی بەخێرهاتنی ئامادەبووانى کرد و دەستخۆشی لە لیژنەی ئامادەکاریی ڕێوڕەسمەکە کرد، هاوکات باسی لە پیرۆزی ئاڵا و جەختکردنەوە لە پێویستی پارێزگارییکردن لە شکۆى ئاڵاى کوردستان کرد.

هەر لەو ڕێوڕەسمەدا گوتاری نوێنەرایەتی قوتابیان لەلایەن نوێنەری قوتابیانی زانکۆمان، حوسێن عوسمان توڤی خوێندرایەوە.

پاشان لەلایەن خاتوو هەیفا بەرپرسی لقی هەولێری دەزگای پاراستنی ئاڵای کوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرا بە سەرۆکی زانکۆی پولیتەکنیکی هەولێر پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی لە بەرامبەر بایەخدانیان بەم رۆژە و سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی ئەم چالاکییانە.

شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی ژمارەیەک لە  زانکۆکانی پۆلەندا دەکات

لەچوارچێوەی پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی زانکۆمان لەگەڵ زانکۆکانی دەرەوەی وڵات، شاندێکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سەردانی ژمارەیەک لە  زانکۆکانی پۆلەندا دەکات.

شاندەکە کە پێکهاتووە لە د.نەجیب تۆما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و د. ولاء مامۆستای زانکۆ، بە سەردانێکی فەرموو گەیشتنە پۆڵەندا.

شاندی زانکۆکەمان لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا سەردانی چەند زانکۆیەکیان لە وارشۆ و پواسک و ڤرۆسلاڤ، هەروەها سەردانی پارێزگاری پواسک ـیان کرد.

ئامانجی سەردانی شاندەکەى زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بۆ پۆلەندا کارکردن و هاوبەشییکردنە لە چوارچێوەی پڕۆگڕامی یەکيتی ئەورووپا ئیراسمۆس پلاس وە هەروەها لە ئالوگۆری کولتووری و هەماهەنگیی چالاکییە زانستییەکانی نێوان زانکۆمان زانکۆکانی ئەو وڵاتەیە.

لە میانی سەردانەکەدا شاندی زانکۆمان چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ زانکۆکان پۆڵەندا واژووکرد، هەر سێ زانکۆی:

1- Warsaw University of Life Sciences- SGGW

2- The Mazovian Academy in Plock

3- Wroclaw University of Science and Technology-Wroclaw

سەرۆکی زانکۆ کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەسەر دەکاتەوە

رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 15ـی دیسەمبەری 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی سەردانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێری کرد و لەلایەن پ. ی. د. جودت جعفر خەتاب راگری کۆلێژ بەوەکالەت و یاریدەدەر راگر و سەرۆک بەشەکانەوە پێشوازیی لێکرا.

لەم سەردانەیدا سەرۆکی زانکۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکانی بەسەرکردەوە و لەنزیکەوە چاودێری چۆنییەتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی کرد.

هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا سەرۆکی زانکۆ بەیاوەری بەڕێوبەری سەنتەری توێژینەوەی زانکۆ و ی. راگری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر بەشداریان کرد لە تاوتوێکردنی ماستەرنامەی قوتابییەکی بەشی شیکاری نەخۆشییەکانی کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی و پزیشکی هەولێر کە لە سەنتەری توێژینەوە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەڕێوەچوو.


زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر سیمپۆزیۆمی ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە ئەنجامدەدات

بە ئامادەبوونی پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، راوێژکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا، نوێنەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە میوانان و مامۆستایان و توێژەران، زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر سیمپۆزیۆمێکی لەژێر ناونیشانی (ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە لە هەرێمى کوردستان) ئەنجامدا.

لە سەرەتای سیمپۆزیۆمەکەدا، پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیرهەرکی، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بەناوی خۆی و ئەنجوومەنی زانکۆوە بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا کە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وەک ناوەندێکی زانستی و مەعریفی بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵگا هەنگاو دەنێت و بایەخ بە پرسە هەنووکەییەکان دەکات..

گوتیشی: “لەکاتێکدا جیهان هەنگاو دەنێت بە ئاراستەی بەکارهێنانی وزەی خاوێن ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوای جیهان، هەرێمی کوردستانیش لەم بوارەدا  هەنگاوی باشی ناوە. بایەخدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر یەکێکە لەو هەنگاوانەی کە حکوومەت لەمبارەیەوە گرتوویەتیەبەر”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر هەر لە گوتەکەیدا باسی هەردوو رووداوەکەی شاری سلێمانی و دهۆکی کرد و ئاماژەی بە هەنگاو و رێکارەکانی حکوومەت لەمبارەیەوەدا.

پ.د.ئیدریس محەمەد تاهیر هەرکی راشیگەیاند “ئەمڕۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە تاوەکو باس لە ئاڵنگارییەکانی بەکارهێنانی وزە بەشێوەیەکی گشتی و گازی شل بەتایبەتی بکەین و خاڵ لەسەر پیتەکان دابنێین، بەشێوەی زانستیانە هەڵسەنگاندن بۆ بابەتەکان بکەین و راسپاردەکانی ئەم سیمپۆزیۆمە پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەت بکەین تاوەکو بکرێتە بەشێک لە بەرنامەی کاری چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستەمە لە هەرێمی کوردستاندا. زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر خۆشحاڵە بەوەی زانستییانە ئەم هەنگاوە دەنێت و بە ئومێدی ئەوەین بتوانین لە رێگەی ئەم هەنگاوە زانستییەمانەوە سوود بە کۆمەڵگە بگەیەنین”.

هەر لە سیمپۆزیۆمەکەدا پ.د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق مەحمود، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گوتەیەکدا سوپاسى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد بۆ ئەنجامدانى ئەم سیمپۆزیۆمە و بە هەنگاوی گرنگ و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی زانکۆی زانی.

 بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گوتى: “بەهۆى ئەم ڕوداوانەى لەماوەى ڕابردوو ڕویاندا بە تایبەت ڕووداوى ئاگرکەوتنەوە بەهۆى گازى شل کە کارەساتى گەورەى لێکەوتەوە، لەسەر پێشنیازى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و وەک ئەرکى سەرەکى زانکۆکانى کوردستان کاردەکەین بۆ ئەنجامدانى بەدواداچوون و توێژینەوەى زانستى لەبارەى هۆکار و چارەسەرەکان”.

هەروەک گوتیشى: “ئەرکى زانکۆکانمان تەنها بەخشینى بڕوانامە نیە، بەڵکو ئەرکێکى گرنگى دیکەى زانکۆکانى کوردستان وەک ناوەندێکى گرنگى ئەکادیمى بریتیە لە ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى لەبارەى کێشەو گرفتەکانى کۆمەڵگە. بۆیە دەرەنجامەکانى ئەم سیمپۆزیۆمە دەبێتە هۆکارێک بۆ چارەسەر و هۆکارەکان”.

پاشان هەریەک لە پ.ی.د.رەنج سیروان عەبدوڵڵا، پ.د.بەکر فەرنگی، پ.ی.د.عەبدولخالق محەمەد قادر و د.هاوڕێ غازی حوسێن لە چوار بابەتی جیاوازدا باسیان لە ئاڵنگارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی وزە لە هەرێمی کوردستان، بەکارهێنانی وزەی نوێبووەوە و جێبەجێکردنی لامەرکەزییەتی وزە، کوالێتی لە سیستەمی گازدا لەگەڵ ستراتیژییەتی کەمکردنەوەی رووداوەکانی سیستەمی گاز لە هەرێمی کوردستان، کرد.

دوای پێشکەشکردنی بابەتەکان و گفتوگۆکردن لەلایەن ئامادەبووانەوە، بڕوانامە بەسەر قسەکەرەکاندا دابەشکرا.