فێستیڤاڵی ریسایکلین لە کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەڕێوەچوو

بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی، فێستیڤاڵی ریسایکلین کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر بەڕێوەچوو.

لە فێستیڤاڵەکەدا کە د.نەجیب تۆما بتو، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ و کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا و د.ئازاد ئەحمەد، راگری کۆلێژی تەکنیکی کارگێڕی هەولێر و ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابیان ئامادەی بوون.

فێستیڤاڵەکە لەژێر ناونیشانی دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددەکان بۆ دووبارە ژیانەوەی زەوی بۆ ساڵی ٢٠٥٠ ئەنجامدرا و لە میانیدا سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر، پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی گوتارێکی پێشکەش کرد.

پ.د.ئیدریس محەمەدتاهیر هەرکی لە سەرەتای گوتارەکەیدا دەستخۆشی لە رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە کرد کە قوتابیان پێی هەڵساون و گوتی “دەزانم تەنها ئەو کەسانە هەست بە پەرسیارییەتی دەکەن بەرامبەر بە ژینگە کە ئینتمای نیشتمانیان هەیە و خاک و وڵاتی خۆیان خۆش دەوێت، هەر بۆیە دڵخۆشم کە دەبینم قوتابیان سەرقاڵی ژینگە پارێزین”.

سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر باسی مێژووی گرنگیدان بە ژینگە و سەرەتای دروست وونی رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی دا و تیشکی خستە سەر لایەنی زانستی رایسکلین و گوتی: “ئەمڕۆ ژینگەپارێزی روانگەیەکی بەربلاوی فەلسەفی و ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتی و فەرهەنگی لەخۆدەگرێت و گرنگی زیاتری پێدەدرێت”.

جێی ئاماژەیە، ئەم فێستیڤاڵە لەلایەن تیمی (Glow_گلۆ) بە هاوبەشی لەگەڵ هەردوو لێژنەی قوتابیانی کۆلێژی تەکنیکی ئەندازیاری و تەکنیکی کارگێری ئەنجامدرا.

لەم فێستیڤاڵەدا کار لەسەر دۆزینەوەی ئەوکێشانە کرا کە پەیوەنییان بە ژینگەوە هەیە و دۆزینەوەی چارەسەر گونجاو، هاوکات چەندین چالاکی و بەرنامەی تایبەت پێشکەش کرا کە بووە مایەی خۆشحاڵ ئامادەبووان.