زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر و زانکۆیەکى چینى بەشێوەى ئۆنڵاین یاداشتنامەیەکى لەیەکگەیشتن واژوودەکەن

ئەمڕۆ دووشەممە، ٢٤ى ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢، لە درێژەى کار و چالاکییەکانى بەڕێوبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، زانکۆکەمان بە ئامادەبووونى راگڕى کۆلێژى تەنکیکى کارگێرى هەولێر د. ئازاد احمد عبدالله، بەڕێوبەری پەیوەندییە نیودەوڵەتییەکان، بەرپرسى پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان لە بەڕێوبەرایەتى پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان  و ژمارەیەک ستافی ئەکادیمى زانکۆ یاداشتنامەیەکى لەیەکگەیشتنی لەگەڵ سەنتەرى زمانى نێودەوڵەتى زانکۆى  China Three Gorges Universityلە ووڵاتى چین بەشێوەى ئۆنڵاین واژووکرد بەمەبەستى پتەوکردنى پەیوەندى ئەکادیمى و زانستى و کەلتورى لە نێوان هەردوو زانکۆ. لە زانکۆى ناوبراویش هەر یەک لە راگری سەنتەری زمانە بیانییەکان، یاریدەدەری راگری سەنتەری زمانە بیانییەکان، بەڕێوبەری سەنتەری خوێندنى نێودەوڵەتی ، و بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەى وەرگێڕانى سەنتەری زمانە بیانییەکان بەشێوەى ئۆنڵاین ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون. 

 لەمیانى کۆبونەوەکە، زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر سوپاسگوزارى خۆى ئاراستەى سەرۆکى زانکۆى ناوبراو کرد سەبارەت بە پێدانى پێنج کورسى بۆ خوێندنى باڵا ماستەر لە بوارى خوێندنى نێودەوڵەتى و هەرێمى و زمانى کە بەمزوانە مەرجەکانى بۆ ستافى زانکۆکەمان بڵاودەکەینەوە.

هەر لە درێژەى کۆبوونەوەکە، ستافى ئەکادیمى زانکۆکەمان باسى ئاڵوگۆرى قوتابى و مامۆستایانى زانکۆیان کرد کە لە سمیستەرى هاوینە ئەنجامدرا و وا بڕیارە لە ساڵى داهاتووش ئەنجام بدرێت،هەروەها باس لە هاندانى مامۆستایانى زانکۆ کرا بۆ بڵاوکردنەوەى تویژینەوەى هاوبەش.

شایەنى ئاماژەپێکردنە کە لە ساڵى ٢٠١٧  شاندێکى زانکۆکەمان سەردانى زانکۆى ناوبراوى کردبوو بەمەبەستى دروستکردنى پەیوەندى ئەکادیمى و زانستى و کەلتورى لە نێوان هەردوو زانکۆ.