زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر وێرکشۆپێکی بۆ ستافی ئای تی لە کۆلێژ و پەیمانگە تەکنیکییەکان رێکخست

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی 5ـی ئۆکتۆبەری 2022 لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی زانکۆ بەڕێوبەرایەتی تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندن وێرکشۆپێکی بۆ ستافی ئای تی کۆلێژ و پەیمانگا تەکنیکیەکان بەڕێوەبرد کە تایبەت بوو بە چۆنیەتی دیزاین کردن و بەڕێوەبردنی ویب سایت.

لە سەرەتای وێرکشۆپەکەدا مامۆستا نیهاد خالید عبداللە بەرێوەبەری تەکنەلۆژیای زانیاری و گەیاندنی سەرۆکایەتی زانکۆ وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تێیدا گرنگی بەرێوەبردنی ویب سایتی خستە ڕوو، هەروەها روونیکردەوە کە ویب سایت رووی زانکۆ پێشانی دەرەوە دەدات و پێویستە کۆمەڵێک زانیاری لە سەر ویب سایتی زانکۆ دابنرێت تاوەکو مامۆستایان و قوتابیان و بەشە زانستیەکان لە کاتی پێویست سودی لێوەربگرن.

لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا م. نیهاد تیشکی خستە سەر دانانی زانیاری ستافی زانکۆ و کۆلێژ و پەیمانگەکان و بەشە زانستیەکان تاوەکو لە کاتی توێژینەوە ستافی ناوخۆ و دەرەوە بتوانن پەیوەندی بە ستافی زانکۆمان بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری هاوبەش.

پاشان بەرپرسی ویب سایتی زانکۆ م. زانیار ڕزگار بابەتەکانی وێرکشۆپەکەی روونکردەوە کە پێکهاتبوو لە ناساندنی بەشەکانی ویب سایت، چۆنیەتی دانانی داتا و زانیاریەکان و ئەپدەیت کردنیان، هەروەها باسی لە گرنگی چۆنیەتی دیزاینکردنی پەیجەکانی ویب سایت و گونجاندنی ڕەنگەکان کرد، شایەنی باسە ئەم وێرکشۆپە پێنج رۆژ دەخایەنێت و تەواوی وردەکاری دەربارەی دیزاین و چۆنیەتی بەرێوەبردنی ویب سایت باس دەکرێت.

دوای کۆتایی هاتنی رۆژی یەکەمی وێرکشۆپەکە سەرۆکی زانکۆ پ.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە بەشداربووان کرد و تەواوی پشگیری و کارئاسانی خۆی نیشاندا تاوەکو بتوانن سودی تەواو لەم وۆرکشۆپە ببینن.