سەرۆکی زانکۆ پێشوازی لە بەرێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەکات

رۆژی دووشەممە رێکەوتی 27 ـی حوزەیرانی 2022 سەرۆکی زانکۆ پ.ی.د. ئیدریس محمدطاهر هەرکی پێشوازی لە د. هێمن میرانی بەڕێوبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ کرد.

لە دیدارێکدا د. هێمن میرانی پیرۆزبایی لە د. ئیدریس کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە پۆستی سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. لە بەرامبەریشدا سەرۆکی زانکۆ سوپاسی بەڕێزیانی کرد بۆ پیرۆزبایی کردنەکەیان و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە سەردانی بەڕێزیان بۆ سەرۆکایەتی زانکۆ.

هەر لە میانەی دیدارەکەدا کە راگری پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر مامۆستا ئومێد حەوێزی ئامادەیبوو، باس لە بەشی بەڵگەکانی تاوان لە پەیمانگەی تەکنیکی پزیشکی هەولێر کرا، هەروەها گفتوگۆ کرا دەربارەی پێداویستیەکانی بەشەکە و چۆنیەتی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023.