Daily Archives: ئایار 9, 2022

مەراسیمی ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەڕێوەچوو

بە ئامادەبونى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى د. ئارام محمد قادر و بریکارى وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی د. عبدالفتاح عبدالرزاق و سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرانى گشتى و مامۆستایان و فەرمانبەران، لە مەراسیمێکدا رۆژی دووشەمە ڕێکەوتى 9ـی ئایاری 2022 ، پ.ی.د. ئیدریس محمد هەرکى لە جێگەى پ.ی.د. کاوە عبدالکریم شێروانى وەک سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر دەستبەکاربوو.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا بەرێز وەزیری خوێندنی باڵا وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا سوپاسى سەرۆکى پێشوى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێرى کرد کە بەشێکى زۆرى ژیانی خۆی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان و پێشخستنى ئاستى زانستى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر، بۆ ئەمەش داوای لێکرد هاوکارى سەرۆکى نوێى زانکۆ بێت بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئەرکە نیشتمانییەى کە لەم قۆناغەدا لە ئەستۆى دامەزراوەکەدایە.

هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ سەرۆکى نوێى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر خواست و ڕایگەیاند: هاوکارو یارمەتیدەرتان دەبین بۆ سەرخستنى پرۆژە زانستییەکانتان و پێشخستنى زیاترى زانکۆ لەگشت ڕوویەکەوە.

پاشان سەرۆکی پێشووی زانکۆ د. کاوە شێروانی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی لە کار و چالاکییەکانی زانکۆ کرد و وتی : ئەو پێشکەوتنەی کە لە ساڵانی کارکردنی من زانکۆ بەخۆیەوە بینیویەتی بە تەنها بەرهەمی کارکردنی من نیە بەڵکولە ئەنجامی کارکردنی ئەو تیمە بووە کە لەگەڵمان کاریان کرد کە پێکهاتبوون لە بەرێزان ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ و بەرێوبەران و مامۆستایان و فەرمانبەران، کە زۆر لە خۆ بوردووانە کاریان کرد بۆیە لێرەوە زۆر سوپاسی ئەرک و ماندووبوونیان دەکەم لە کۆتاییشدا هیوای سەرکەوت بو برای بەڕێزم د. ئیدریس دەخوازم و دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە بەردەوام دەبم لە هاوکاری و هاوئەهەنگی بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی زانکۆ.

دواتر سەرۆکی نوێی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر پ.ی.د. ئیدریس محمد هەرکی وتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا بەخێرهاتنی بەرێزان جەنابی وەزیر و بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین و بەرێوبەرانی گشتی دیوانی وەزارەت و میوانانی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئامادەبوونیان لە مەراسیمەکە، لە درێژەی وتەکەیدا د. ئیدریس باسی لە ئامانجەکانی کرد وەک سەرۆکی نوێی زانکۆ بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر و ئاماژەی بەوە کرد کە بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ساڵە لە ناو زانکۆیە هەر لەو کاتەی کە قوتابی بووە تا بووەتە مامۆستا لەو ماوەیەشدا لە چەندین پۆستی کارگێڕی خزمەتی بواری خوێندنی باڵای کردووە ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ کارکردنی وەک سەرۆکی زانکۆ بە باشترین شێوە، لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا سەرۆکی زانکۆ وتی: تەواوی هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ بەردەوامیدان بەوەی کە تا ئێستا زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر بە دەستی هێناوە و هەوڵی  پێشکەوتنی زیاتریش دەدەین لە سەرجەم بوارەکانی زانستی و کارگێری و بەرزکردنەوەی زیاتری رانکی زانکۆ، لە کۆتایی وتەکەیدا د. ئیدریس هیوای سەرکەوتنی بۆ سەرۆکی پێشووی زانکۆ د. کاوە خواست لە ژیان و کارکردنی داهاتوو.