پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینی قوتابییان و خوێندکاران بە شێوازى ئۆنلاین دەستپێدەکات

لە چوارچێوەى ئاسانکارى و پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە شێوازى ئۆنلاین بۆ خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین لە نێوان زانکۆکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى وێبسایتى (www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران و قوتابیان بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣) ڕادەگەیەنێت کە لە سبەینێوە لە ڕێکەوتى ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٢ پلاتفۆڕمەکە ئەکتیڤ ئەبێت.

بەمەبەستى ئاسانکارى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و لە درێژەى هەوڵەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا بۆ بە ئەلیکترۆنى کردنى دامەزراوە زانستى و ئەکادیمیەکانى هەرێمى کوردستان، ماوەى سێ ساڵە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و ناوەندى وەرگرتن و بەهاوکارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنلاین و لە ڕێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوەو دابەزین ئەنجام دەدرێت.

بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٢-٢٠٢٣) بە هەمان شێوەو بە ئامانجى پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە خوێندکاران و قوتابیان بۆ ئەوەى لە کاتى پرۆسەى گواستنەوەو دابەزین ئەرک نەکێشن و سەردانى وەزارەت و زانکۆکان نەکەن بەتایبەت بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى شارەکان و پارێزگاکانى ترى هەرێمى کوردستانن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەڕێگەى وێبسایتى (www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى بەشێوازى ئۆنڵاین بەپێى مەرج و ڕێنماییەکان دەخاتە بەردەستى خوێندکاران و پێویست ناکات هیچ قوتابیەک سەردانى وەزارەت و زانکۆکان بکات بۆ ئەم پرۆسەیە. پرۆسەى گواستنەوەو دابەزینى خوێندکاران و قوتابیان لەڕێکەوتى ٢٠ی تەممووزی ٢٠٢٢دەستپێدەکات تاکو ٣٠ی ئابی ٢٠٢٢ بۆ ئەم مەبەستە لە سبەینێ وە لینکەکە ئەکتیڤ دەبێت. 

گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران لە نێوان زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم بۆ ساڵى خوێندنى (2022/2023):

گواستنەوە لە نێوان کۆلێژە هاوبەشەکان لە سیستەمى بۆلۆنا بۆ سیستەمى ساڵانە و کۆرسات وە بە پێچەوانەوە دەبێت، هەروەکو لە نووسراومان ژمارە (7292) لە ڕێکەوتى (2/9/2020) وە لە ژمارە (13241) لە ڕێکەوتى (15/9/2021) جەختى لەسەر کراوەتەوە.

قوتابی/ خوێندكار مافی گواستنەوەی لەکۆلێژە هاوبەشەکان دەبێت لە گشت قۆناغەكان، جگە لە قۆناغى یەكەم لە نێوان زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم ئەگەر یەكێک لەم مەرجانەی خوارەوەی هەبێت:   

أ‌. قوتابی/ خوێندكار دەرچووبێت لە خولی یەكەمدا بە پلەی باشە یان سەرووتر و دانیشتووی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت.

ب‌. قوتابی/ خوێندكار ئەگەر دایكی یان باوكی كۆچی دوایی كرد بێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ، بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت کە وەفاتنامە (بیان الوفاە) و (صورە القید) وە دانیشتوی هەمان پارێزگا یان نزیک ئەو شارە بێت كە گواستنەوەی بۆ دەكرێت ، ئەگەر کۆچ کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبو ،  ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بە نیوەی پارەی (پارالێل) دەبێت.

ت‌. ئەگەر قوتابی/ خوێندكار هاوسەرگیری ببەستێت لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ دەبێت بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت لە گرێبەستی هاوسەرگیری، وێنەى ڕەسەنى تۆمارى باری شارستانی (صورە القید)ی ڕەسەن و بە فەرمی تۆماركردنی لە لیستی باری شارستانی و دڵنیایی دەرچوون (صحە الصدور) بۆ بەڵگەنامەكان بكرێت ، بە هەمان شێوە بۆ ئافرەت ڕەچاوی جیابوونەوەی خێزانی (طلاق) بكرێت و لە كاتی دەركەوتنی هەر ساختەكاریيەک لە بەڵگەنامەكان لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵ بکرێت ، ئەگەر هاوسەرگیری کردنەکە لە ساڵانی خوێندن نەبوو ، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بە نیوەی پارەی (پارالێل) دەبێت.

ث‌. هەر قوتابى/ خوێندكارێک (تەنها بۆ ڕەگەزی مێینە) لە ساڵانى خوێندنى زانکۆ منداڵی ببێت و بە بەڵگەی فەرمی بیسەلمێنێت ، ئەگەر منداڵ بوونەکە لە ساڵانی خوێندن نەبوو ، ئەوا گواستنەوەکە بە سیستەمی (پارالێل) بە نیوەی پارەی (پارالێل) دەبێت.

ج‌. منداڵی (كوڕ و كچ) ى شەهید و ئەنفال كراوەكان مافی گواستنەوەیان هەیە لە نێوان زانكۆکان بۆ هەمان بەشى كۆلێژ/ پەیمانگە کە لێى وەرگیراون و بە نووسراوی پشتگیرى وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان  و بە واژوی بەڕێز وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوەكان یاخود بەڕێوبەری گشتی دەبێت.

ح‌. قوتابی/ خوێندكاری (كوڕ و کچ) ی مامۆستایانى زانكۆ لە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەرو دكتۆرا لە (مامۆستای یاریدەدەر ، مامۆستا ، پرۆفیسۆری یاریدەدەر ، پرۆفیسۆر) مافی گواستنەوەیان هەیە ئەگەر دەرچووبن ، هەروەها (كوڕ و كچ) ى فەرمانبەرانی زانكۆکان و دەزگاکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا، بە مەرجێک ساڵانى خزمەتى لە (15) ساڵ کەمتر نەبێت.

خ‌. گواستنەوە بۆ کۆلێژى پزیشکى کە سیستەمی ئینتیگرەیشن پەیڕەو دەکات ناکرێت، چونکە قوتابی/ خوێندکار دادەبەزێنرێتە قۆناغی یەکەم و ئەمەش وا دەکات پلانی ڕێژەی قوتابیانی قۆناغی یەکەم زیاد بکات.

د‌. قوتابی/ خوێندكار لە خوێندنی (بەیانیان) مافی گواستنەوەی هەیە بۆ خوێندنی (ئێواران) بە مەرجێک لە هەمان پسپۆری خۆیدا بێت، دوای لاری نەبوونی  هەردوولا بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندى و توانای بەش و کۆنمرەو  کرێى خوێندنى ئێواران لەو بەشە.

ذ‌. (قوتابیان/ خوێندكاران) ى كۆلێژە (ئەهلییەكان) بە هیچ شێوەیەک مافی گواستنەوە یان میوانداریان نییە بۆ زانكۆ و كۆلێژە (حكومییەكان).

ر‌. گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران لە بەشەكانی (ئێواران) بۆ بەشەكانی هاوشێوەی (بەیانیان) ناكرێت لەبەر جیاوازى کۆنمرەى پێشبڕکێ. 

ز‌. هەموو گواستنەوەیەكی قوتابیان/ خوێندكاران لە نێوان كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان بە ڕێگای كۆلێژ و فاکەڵتى و پەیمانگەكان و سەرۆكایەتی زانكۆكان دەبێت (بە پێى ڕێزبەندی و پەیوەندی). 

س‌. بەرابەركردن و مەقاسەكردنی وانەكان لە لایەن بەشی زانستی داواكراودا ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ناردنی لیستی ئەو وانانەی كە خوێندویەتی لەگەڵ یەكەكان لە ساڵانە و وەرزییەكاندا بە شێوەیەک (ئەگەر وانەی داواكراو زیاتر لە دوو وانەی ساڵانە یان چوار وانەی وەرزی بوو دەبێت قۆناغێک داببەزێندرێت) و لەكاتی پێشبڕكێ‌ لە سەر گواستنەوەكان لە یەک پرۆسەدا ڕەچاوی كۆنمرەی قۆناغەكەیان دەكرێت و هەموو فەرمانی گواستنەوەی قوتابیان/ خوێندكاران بە واژووی سەرۆكی زانكۆکان دەبێت بە پێى پەیوەندی گواستنەوەكە. 

ش‌. زانکۆکان بۆیان هەیە سەیری داوای گواستنەوەی هەندێ لە قوتابیان/ خوێندکاران بکات بۆ گشت قۆناغەکانی خوێندن (جگە لە قۆناغی یەکەم) بۆ هەمان بەش بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونیان بە هۆی ئەو  نەخۆشییانەى کە زۆر سەخت و قورس و بەردەوام  و درێژخایەن و ترسناک و چارەسەریان زەحمەتەو  بە فیعلى پێویست دەکات لە ژێر چاودێرى خانەوادەکانیاندا بن بە پێی میکانیزمی خوارەوە:-

میکانیزمى جێبەجێ کردنى ئەم بڕگەیە بە کورتە ڤیدیۆییەک لە وێبسایتى (www.mhe-studentaffairs.com) ڕوونکراوەتەوە ، قوتابی/ خوێندکار دەتوانێت سەردانى لینکەکە بکات و هەنگاوەکان جێبەجىێ بکات.

خشتەى تایبەت بە بنکە پزیشکییەکان لە سنوورى پارێزگاکان:

بڕگەى دووەم / دابەزینى قوتابیان/ خوێندكاران لە نێوان زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم بۆ ساڵى خوێندنى (2022/2023):

(لەکاتى دابەزیندا بۆ بەشەکانى سیستەمە جیاوازەکان نمرەى وەرگیراو لەو بەشانە بە پێى سیستەمى وەرگرتن ڕەچاو دەکرێت).ئەو قوتابی/ خوێندكارانەی كە وەردەگیرێن لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم مافى دابەزینیان دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە:

أ‌. لە قۆناغی یەكەم دا ساڵی یەكەمی بێت و مامەڵەی پاڵاوتنی تەواو كردبێت و بە پێى کەمترین کۆنمرەى بەش. 

ب‌. لە قۆناغی یەكەمدا مابێتەوە یان خوێندنی تیادا دواخستبێت، بە مەرجێک‌ لە یەک ساڵ زیاتر نەمابێتەوە دەتوانرێ بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونیان یان نزیک لەو دابەزین بكەن بۆ كۆلێژ/ پەیمانگە كە نمرەكانیان تیادا وەرگیرا بێت، بە پێى كۆنمرەی ساڵی وەرگرتنیان لەگەڵ هەژماركردنی ساڵی كەوتن یان دواخستنی لە میچی خوێندن. 

ت‌. دەرچووبێت لە قۆناغی یەكەم بۆ قۆناغی دووەم، بە مەرجێک‌ ساڵی كەوتن و دواخستنی نەبێت لە قۆناغى یەکەم و دووەم کۆنمرەى وەرگیرا بێت لە ساڵى وەرگرتنیدا لەگەڵ هەژمار كردنی ئەو ساڵە لە میچی خوێندن.

ث‌.  لە خوێندنی (ئێواران) قوتابی/ خوێندكار مافی دابەزینی هەیە بۆ بەشێكی تری (ئێواران) یان هەر بەشێكی تر بە ڕەچاوكردنی كۆنمرەی وەرگیراو لە ساڵی وەرگرتنى و سەرەڕای خاڵەكانی تری ڕێنماییەكانی دابەزین، بە مەرجێک دوو ساڵ بە سەر دەرچوونى لە ئامادەیى تێپەرنەبوو بێت، ئەم مەرجە بۆ (بەیانیان و ئێوارانیش) پەیڕەو دەکرێت.

ج‌.  دابەزین بۆ ئەو بەشانە ناكرێت كە مەرجی چاوپێكەوتن و تاقیكردنەوەی جەستەیی و هونەری و شایستەییان تێدا مەرجی وەرگرتن بووە ، وەكو (پەروەردەى وەرزشی ، هونەرە جوانەكان ، خوێندنى ئیسلامى…هتد) وە بە پێى ساڵی وەرگرتنیان.

ح‌. گواستنەوەو دابەزین لە نێوان سیستەمى (زانکۆ لاین ، پارالێل ، ئێواران) ئەنجام دەدرێت بە پێى ڕێنماییەکان.

خ‌. گواستنەوە لەکۆلێژى پزیشکى زانکۆى زاخۆ بۆ هەمان کۆلێژى زانکۆى دهۆک ئەنجام نادرێت.

د‌. گواستنەوە لەکۆلێژى پزیشکى زانکۆى گەرمیان بۆ هەمان کۆلێژى زانکۆکانى تر ئەنجام دەدرێت.

دابەزینی خوێندنی قوتابیان/ خوێندكاران بە شێوەی سیستەمی خوێندنی هاوتەریب (پارالێل):

لەکاتى دابەزیندا بۆ بەشەکانى سیستەمە جیاوازەکان نمرەى وەرگیراو لەو بەشانە بە پێى سیستەمى وەرگرتن لە ساڵى وەرگرتن ڕەچاو دەکرێت. بەم شێوەیەى خوارەوە:

أ‌. ئەو قوتابی/ خوێندكارانەی كە دوو ساڵ یان زیاتر بە سەر وەرگرتنیان تێپەربووبێت و لە قۆناغی یەكەم یان دووەمدا بن بۆیان هەیە داوای دابەزین بكەن ئەگەر دابەزینەکە لە سیستەمى ئاسایى بۆ سیستەمى ترى ئاسایى بوو ئەوا  (50%) ى پارەی سیستەمی خوێندنی هاوتەریب (پارالێل) یان لێ وەردەگیرێت بۆ هەر ساڵێكی خوێندن ، وە ئەگەر  دابەزینەکە لە سیستەمى ئاسایى بۆ سیستەمى (پارالێل) بوو ئەوا  تەواوى پارەی سیستەمی خوێندنی هاوتەریب (پارالێل) یان لێ وەردەگیرێت. بە مەرجێک كۆنمرەی قوتابی/ خوێندكار لە ساڵى وەرگرتنى لەو بەشە وەرگیرا بێت بە ڕەچاو کردنى ساڵانى خوێندن لە میچى خوێندن، ئەگەر قوتابی میچی خوێندنی تێپەڕاندبێت ئەوا بە سیستەمی (پارالێل) بە تەواوی تێچووی کرێی خوێندن دەتوانێت دابەزین بکات ، و ئەگەر میچی خوێندنی تێنەپەڕاندبێت ئەوا بە نیوەی کرێی (پارالێل) دەتوانێت دابەزین بکات.

ب‌. ئەو قوتابیانەى کە هەڵوەشاندنەوەى وەرگرتنیان بۆ کراوە (ئەوانەى دوو ساڵ و زیاتر( بەسەر وەرگرتنیان تێپەریوە یان سڕینەوەى ناویان بۆ کراوە لە قۆناغى یەکەم و دووەم مافى دابەزینیان دەبێت بە شێوەى سیستەمى (پارالێل)، بە پێى ڕێنماییەکانى دابەزین و شایستەى وەرگرتنیان بە شێوازى (پارالێل) بە (١٠٠%)کرێى (پارالێل).